شوبات 5, 2008 at 9:17 pm (هاوپۆلنهكراو)
بارودۆخى سیاسى ئیَران تووشى قه‌یران بووه و لیَره‌و له‌ویَش ده‌نگۆى ئه‌وه هه‌یه ئه‌مه‌ریكا له‌نزیك ماوه‌دا ده‌یه‌ویَت رژیَمى ئیَران بگۆرِیَت، بۆ قسه‌و باسكردن له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌و رۆڵى پارته كوردییه‌كان له‌م نیَوه‌نده‌دا، ئه‌م دیمانه‌یه‌مان ئاماده‌كرد له‌گه‌ڵ (عوسمان جه‌عفه‌رى) سكرتیَرى یه‌كیَتى دیمو‌كراتى كوردستان (رۆژهه‌لاَت).
ستیڤان: دیاره ئیَوه وه‌ك یه‌كیَتى دیمو‌كراتى كوردستان له‌پژاك جیابوونه‌ته‌وه، ئایا ئه‌و فاكتۆره هه‌ره گرنگ و ستراكتۆرییانه چى بوون كه ئیَوه‌یان له‌پژاك هیَنایه ده‌ره‌وه؟
عوسمان جه‌عفه‌رى: هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌رِیَته‌وه بۆ جیاوازیى فیكریى، جیاوازیى بیركردنه‌وه‌ى كاروبارى سیاسى و هه‌ندیَك مه‌سه‌له‌ى سازمانى و ته‌شكیلاتى، ئیَمه وه‌ك كۆمه‌ڵیَك له‌برایانى رۆژهه‌لاَتى كوردستان كه له‌نیَو په‌كه‌كه دابووین و له‌كۆنگره‌یه‌كدا له‌مانگى ئادارى 2004 (پژاك) مان دروستكرد، له‌دوایدا به‌هۆى ده‌ستیَوه‌ردانى به‌رده‌وامى سه‌ركردایه‌تى په‌كه‌كه (كۆنگره‌ى گه‌ل) نه‌مانتوانى ئه‌و هه‌بوونمانه له‌نیَو په‌كه‌كه و له‌نیَو رِیزه‌كانى پژاك دا دریَژه پىَ بده‌ین.
له‌به‌رئه‌وه ئیَمه جیابووینه‌وه بیركردنه‌وه‌یه‌كى دۆگما كه سه‌رده‌مى به‌سه‌رچووه ئیدى ناتوانىَ وه‌لاَمده‌ره‌وه‌ى ئه‌ورۆى كۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت و حیزبایه‌تى و خه‌بات و تیَكۆشان بیَت له‌رۆژهه‌لاَتى كوردستاندا.
به‌و شیَوه‌یه‌ى ته‌نیا خۆمان ببینین و كه‌سى تر نه‌بینین و له‌چوارچیَوه‌ى فكریَكى دۆگم بمیَنینه‌وه و ته‌نیا بیركردنه‌وه‌مان بیركردنه‌وه‌یه‌كى تاك بیَت و كه‌سى تر له‌ناوماندا قبوڵ نه‌كریَت، خۆمان به‌ئه‌ڵته‌رناتیڤى هه‌موو كه‌س بزانین، ئه‌مه بۆ ئیَمه قابیلى قبوڵ نه‌بوو، ئه‌مه به‌رده‌وام به‌سه‌ر ئیَمه‌دا ده‌سه‌پیَنرا ئیَمه‌ش نه‌مانتوانى ئه‌و شته قبوڵ بكه‌ین.
بۆ هه‌موو كه‌سیَك رِوون و ئاشكرایه PKK و پژاك له‌رِووى سیاسى و دیبلۆماسییه‌وه هه‌ڵه‌ى زۆریان هه‌بوو، ئیَمه ئه‌و سیاسه‌تانه‌مان به‌باش نه‌ده‌زانى.
دوایش مه‌سه‌له‌ى ته‌شكیلاتى یان ئه‌و شیَوه مۆدیله‌ى بۆ رۆژهه‌لاَتى كوردستان به‌كارده‌هات وه‌لاَمده‌ره‌وه‌ى رۆژهه‌لاَتى كوردستان نه‌بوو، هه‌ر ئه‌و مۆدیله حیزبییه‌ى كه بۆ باكورى كوردستان یان باشورى رۆژئاواى كوردستان سازكرابوو هه‌مان شتیش له‌سه‌ر ئیَمه فه‌رز ده‌كرا، ئیَمه ئه‌مه‌مان به‌لاوه قبوڵ نه‌بوو چونكه هه‌ر جیَگه‌و پارچه‌یه‌ك تایبه‌تمه‌ندیى خۆى هه‌یه، ده‌بیَت وه‌ك تایبه‌تمه‌ندیى خۆى كار سیاسى تیا بكریَت، له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵیَك شتى تر هه‌بوون وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئیَمه سه‌ركردایه‌تییه‌كى خاڵیسى كوردى ئیَران نه‌بوو، له‌ده‌سته‌ى سه‌ركردایه‌تى ده‌توانم بڵیَم له‌نیوه زیاتر سه‌ركردایه‌تى پژاك له خه‌ڵكى پارچه‌كانى تر بوون و هیچ ئاشناییه‌ك و زانستیَكى سیاسى ته‌واویان له‌سه‌ر رۆژهه‌لاَتى كوردستان نه‌بوو له‌به‌رئه‌وه له‌زۆر كاریاندا به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چوون، دوایش ئیراده‌ى خۆمان به‌ده‌ستى خۆمانه‌وه نه‌بوو، پژاك به‌ده‌ستى له‌خۆى سه‌رتر بوو، ئیَمه نه‌مانده‌توانى به‌و جۆره كار‌و خه‌بات بكه‌ین كه پیَویستى كات و شویَن ده‌یه‌ویَت بۆیه هه‌وڵى جیابوونه‌وه‌مان دا.
جگه له‌وانه‌ش به‌گشتى PKK گه‌یشتبووه قۆناغ و ئاستیَك نه ناوچه ئه‌وى قبوڵ ده‌كرد نه‌دنیا ئه‌وى قبوڵ ده‌كرد وه‌ك ئه‌ورۆیش هه‌ر به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته، له‌به‌رئه‌وه ئیَمه به پیَویستمان زانى كه خۆمان له‌و ته‌نگژه‌یه‌ى په‌كه‌كه كه‌وتۆته ناوى ده‌ربازبكه‌ین، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه نییه پشت له كوردایه‌تى بكه‌ین.
ستیڤان: بارودۆخى سیاسى له‌ئیَراندا به‌ته‌نگژه‌یه‌كى خنكیَنه‌ردا تیَده‌په‌رِیَت، فایلى پیتاندنى یۆرانیۆم یه‌كیَكه له‌و فایلانه‌ى كه كیَشه‌ى گه‌وره‌ى ناوه‌ته‌وه له‌ئاستى نیَوده‌وڵه‌تیدا، پیَتوایه چاره‌نووسى سیاسى ئیَران به‌كوىَ ده‌گات؟ ئایا هه‌مان سیناریۆى عیَراق له‌سه‌ر ئیَرانیش دووباره ده‌بیَته‌وه یاخود بۆ ئیَران رِیَگه‌و میكانیزمى تر هه‌یه؟ به‌كورتییه‌كه‌ى چاره‌نووسى ئیَران له‌جانتاى ده‌سه‌لاَتدارانى ئه‌مه‌ریكى و چه‌كمه‌چه‌ى كۆنگریَسدایه من ده‌پرسم چاره‌نووسى ئیَران بۆ كوىَ؟
عوسمان جه‌عفه‌رى: مه‌سه‌له‌ى ئیَران شتیَك نییه بڵیَین چونكه ئه‌مه‌ریكا هاتۆته ناوچه‌كه‌وه ئیدى ئیَران كه‌وتۆته ته‌نگژه‌وه، مه‌سه‌له‌ى ئیَران ئه‌وه‌یه رژیَمیَك هه‌یه كه‌بیست و حه‌وت ساڵ به‌سه‌ریدا رۆیشتووه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى فكریَكى كۆنه‌په‌رست كه ناتوانیَت له دنیایه‌كى مۆدیَرنى وه‌ك ئه‌ورِۆدا ناو و ده‌نگ و كاریگه‌ریى هه‌بیَت، ئه‌م سیسته‌مه وه‌ك زۆر سیسته‌مى تر‌ى دنیا ته‌مه‌نى به‌سه‌رهاتووه، هه‌تا پیَموایه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا و مه‌سه‌له‌ى پیتاندنى یۆرانیۆمیش نه‌بیَت، ئه‌و رژیَمه میَژووى به‌سه‌رچووه و ئیَكسپایه‌ر بووه، ئه‌مرۆ بیَت یان به‌یانى هه‌رده‌بیَت له‌به‌ین بچیَت، به‌لاَم ئیدى ئه‌وه ده‌میَنیَته‌وه سه‌ر ئه‌و میكانیزمانه كه چه‌نده كاریگه‌ر و به‌هیَزن له‌گۆرِینى كۆمارى ئیسلامی‌دا.
پرۆسه‌ى رۆژهه‌لاَتى ناوه‌رِاستى گه‌وره‌ش كه هاتۆته ئاراوه، ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامه‌و ئیشى خۆى ده‌كات، ئه‌م سیسته‌مانه‌ى كه ئیَستا سیسته‌مگه‌لیَكن كه كاتى سیڤه‌ر و لۆزان، فه‌رِه‌نساو به‌ریتانیا سازیانكردوون، ئه‌مه‌ریكا بىَ كاریگه‌ریى بووه له‌و شتانه، به‌لاَم ئیَستا كه ئه‌مه‌ریكا بۆته زلهیَزیَكى گه‌وره‌ى دنیا ئه‌و سیسته‌مه كۆنانه‌ى پىَ قبوڵ نییه و ده‌یه‌ویَت ئه‌و نه‌خشانه بگۆرِیَت كه ئه‌و دروستى نه‌كردوون و له‌جیَگه‌یاندا سیسته‌م و نه‌خشه‌ى نوىَ سازبكات.
ئیَران به‌ته‌بیعه‌تى حاڵ گرنگترین به‌شى رۆژهه‌لاَتى ناوه‌رِاستى گه‌وره‌یه، من پیَموایه هه‌موو ئه‌و رِووداوانه‌ى له‌عیَراق و ئه‌فغانستان و لوبنان و فه‌له‌ستین رِووده‌ده‌ن مه‌به‌ستى ئه‌سڵى لیَى ئیَرانه، هه‌تا ئه‌گه‌ر ساڵى 2001 به‌هانه‌ى تاڵبانیش نه‌بوایه ئه‌مه‌ریكا به‌هانه‌یه‌كى تر‌ى ده‌دۆزییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بیَت لاى رۆژهه‌لاَتى ئیَران بگریَت، هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌هانه‌ی چه‌كى كۆكوژیش نه‌بوایه كه سه‌دام نه‌یبوو به‌هانه‌ى تر‌ى ده‌دۆزییه‌وه كه‌بیَت لاى رۆژئاواى ئیَران بگریَت، زۆر ئۆتۆماتیكیش باشوورى ئیَران وه‌ك كه‌نداو، باكورى ئیَران وه‌ك ئازه‌رباینجان و توركمانستان ئیَستا هه‌موو پرِن له‌پایه‌گا سه‌ربازییه گه‌وره‌كانى ئه‌مه‌ریكا، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه ئیَرانیان گه‌مارۆ داوه.
بۆیه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ى یۆرانیۆمیش نه‌بیَت گۆرِانكاریى كردن له‌سیسته‌مى ئیَران بۆته زه‌روره‌تیَك بۆ ئه‌مه‌ریكا، بۆیه مه‌سه‌له‌ى چه‌كى ئه‌تۆمى و پیتاندنى یۆرانیۆم بووه به‌یارمه‌تیده‌ریَك كه زووتر مه‌سه‌له‌كه حه‌ل بكات بۆ روخاندنى رژیَمى ئیَران، وه‌لىَ كۆمارى ئیسلامى له ناوه‌رِۆكى خۆیدا له‌رِووى سیاسى و ئابوریى و كۆمه‌لاَیه‌تى و فه‌رهه‌نگییه‌وه له‌رِووخاندایه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه گۆرِانه‌كه خیَراتر ده‌كات و به‌دڵنیایشه‌وه ئیَران به‌ره‌و رِووخان ده‌چیَت.
به‌لاَم به‌و سیناریۆو شیَوه‌یه‌ى كه له‌عیَراقدا رِوویدا ئه‌مه شتگه‌لیَكن كه ناتوانین جه‌زمى له‌سه‌ر بكه‌ین كه وه‌ك عیَراق هیَرش ده‌بریَته سه‌ر ئیَران ئه‌مانه ده‌بیَت داهاتوو رِوونیان بكاته‌وه، بۆیه ناتوانین بڵیَین به‌هه‌مان شیَوه‌ى عیَراق ده‌بیَت چونكه شه‌رایتى ئیَران جیاوازتره و ناگونجیَت له‌گه‌ڵ عیَراق وه‌ك یه‌كبن.
ستیڤان: لیَره‌وه تیَگه‌یشتین گۆرِان له‌سیسته‌مى كۆمارى ئیسلامی‌دا حه‌تمییه، واته ئه‌گه‌ر پاساوى پیتاندنى یۆرانیۆمیش له‌ئارادا نه‌بیَت، رژیَمى ئیَران مۆدیلیَكى به‌سه‌رچووه و ناتوانیَت به‌رگه‌ى دنیاى مودیَرن بگریَت، مادام وایه لیَره‌وه ئه‌ركى ئۆپۆزیسیۆنى كوردیى ده‌ست پیَده‌كات، تۆ پیَتوایه ئۆپۆزیسیۆنى كوردیى به‌م په‌رش و بلاَویى و بىَ هیَزییه‌وه ده‌توانیَت له‌ئاینده‌ى سیاسى ئیَراندا رۆڵ بگیَرِیَت به‌تایبه‌تى له‌به‌ده‌ستهیَنانى مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌لى كورددا؟
عوسمان جه‌عفه‌رى: به‌داخه‌وه ئۆپۆزیسیۆنیَكى به‌هیَز چ له‌ناو فارس و ئاره‌زو بلوچ و تورك و عه‌ره‌به‌كاندا چ به‌تایبه‌ت له‌ناو كورده‌كاندا بوونى نییه، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئۆپۆزیسیۆنه‌كانمان به‌هیَزبوونایه و له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانى ناوخۆدا یه‌كیانبگرتایه‌ته‌وه، پیَویست به‌ته‌هدیدى ئه‌مه‌ریكا و پیَویستى به ده‌ستیَوه‌ردانى ده‌ره‌كى نه‌بوو، كاولكاریى و به‌دبه‌ختییه‌ك كه به‌سه‌ر عیَراقدا هات به‌سه‌ر ئیَراندا نه‌ده‌هات ئه‌گه‌ر فه‌رز له‌سه‌ر ئه‌وه دابنیَین كه ده‌ستیَوه‌ردانیَكى ده‌ره‌كى له‌سه‌ر ئیَرانیش بكریَت وه‌ك عیَراق.
ئیَستا ئۆپۆزسیۆنى كوردیى ده‌بیَت بزانیَت ئه‌ركى خۆى ئه‌ركیَكى سیاسییه‌و ده‌بیَت گوتاره‌كه‌شمان گوتاریَكى نه‌ته‌وه‌یى بیَت، ده‌بیَت ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه له‌ئاماده‌كارییه‌كى باش‌دا بیَت، به‌لاَم به‌داخه‌وه ده‌بینین لاوازییه‌ك كه‌وتۆته ئۆپۆزیسۆنى كوردییه‌وه، جیاوازیى ناوخۆیى له‌ناو حیزبه‌كاندا زۆر رِوون و به‌رجه‌سته و زه‌ق بووه‌ته‌وه كه زۆر كیَشه‌ى گرنگ فه‌رامۆشكراون.
به‌داخه‌وه ئه‌و هیَزه‌ى كه ده‌بیَت خه‌رجى گۆرِینى رژیَم بكریَت به‌داخه‌وه ئه‌مرۆ له‌ناو حیزبه‌كاندا سه‌رفى كیَشه ناوخۆییه‌كان ده‌كریَت و هه‌ندیَك كیَشه و مه‌سائیل له‌ناو حیزبه‌كاندا هه‌ن ناهیَڵن ئه‌و هیَزه سه‌رفى ئه‌و خه‌باته بكریَت.
له‌به‌رئه‌وه هیَزه كوردییه‌كان له‌رۆژهه‌لاَتى كوردستان به‌جیَماون، ته‌ماشاى ساڵى 2003 – 2004 ده‌كه‌ین گه‌رموگورِییه‌كى باش كه‌وتبووه ناو حیزبه كوردییه‌كانه‌وه و بزووتنه‌وه‌یه‌كى گه‌رم هه‌بوو به‌لاَم ئیَستا هیَدى هیَدى ئه‌و گه‌رمییه نامیَنیَت، ئه‌ورِۆكه زۆریَك له‌حیزبه‌كانى رۆژهه‌لاَت خاوه‌نى رِاگه‌یاندن و ته‌له‌فزیۆنن، به‌داخه‌وه كه‌ڵكیان لیَوه‌رنه‌گرتووه بۆ سازماندانى خه‌ڵك، هه‌موو ته‌له‌فزیۆنه كوردییه‌كان كۆبكه‌ره‌وه به‌ئه‌ندازه‌یى یه‌ك سه‌عات ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا كه پرۆگرامى هه‌یه بۆ سه‌ر ئیَران كه‌یفییه‌تیان نییه.
له‌به‌رئه‌وه من هیَزو ئۆپۆزیسیۆنى كوردیى له‌رۆژهه‌لاَتى كوردستان به‌ئاماده نازانم، ئه‌گه‌ریش ئه‌و میكانیزمه ده‌ره‌كیانه هه‌ن بۆ گۆرِینى ئیَران به‌بۆچوونى من ده‌گه‌رِیَته‌وه بۆ نه‌بوونى ئه‌ڵته‌رناتیڤى سیاسى بۆ سبه‌ینیَى سیاسه‌تى ئیَران به‌تایبه‌ت له كوردستاندا، بۆیه ده‌بینین حیزبه كوردییه‌كان به‌هه‌ند وه‌رناگیریَن له‌لایه‌نى ده‌ره‌وه و به‌ساردیى ته‌ماشایان لیَده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و هیَزه‌ى كه جاران هه‌بوو ئه‌مرۆ به‌هۆى كیَشه‌ى ناوخۆییه‌وه نه‌ماوه.
ستیڤان: له‌باشوورى كوردستان له‌لاوازیى و گه‌نده‌ڵى پارتى و یه‌كیَتیدا، بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كان وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤیَكى سیاسى كارا خۆیان خسته‌رِوو و وه‌ك هیَزى سیَهه‌م ده‌ركه‌وتن و خه‌ونى زیاتریشیان هه‌یه. پیَتوانییه ئه‌و بۆشاییه‌ى له‌رۆژهه‌لاَتى كوردستاندا له ئه‌مرۆو ئاینده‌دا دروست بووه و دروست ده‌بیَت پانتاییه‌كى باش ده‌رِه‌خسیَنىَ بۆ حیزبه‌كانى تر كه خاوه‌نى دیدیَكى ناسیۆنالیستى نین و دۆزى گه‌لى كورد به‌هیچ جۆریَك له‌رۆژه‌ڤیاندا نییه؟ ئایا پیَتوانییه هیَزى تر دیَت كۆنترۆڵى جموجۆڵى سیاسى ده‌كات له‌رۆژهه‌لاَتى كوردستاندا به‌بىَ رِه‌چاوكردنى دۆزى نه‌ته‌وه‌یى كورد؟
عوسمان جه‌عفه‌رى: پرسیاره‌كه‌تان به‌جیَیه، به‌رِاستى وایه، ئه‌و ته‌سه‌ورو ته‌وه‌قوعه‌ى خه‌ڵك به‌تایبه‌ت تویَژى رِۆشنبیریى رۆژهه‌لاَتى كوردستان له ئۆپۆزیسیۆنى كوردیى هه‌یانه له‌ده‌ره‌وه‌ى ولاَت هیَواش هیَواش به‌ره‌و ساردبوونه‌وه ده‌چیَت، بۆچى؟
چونكه له‌ناوخۆ به‌ره‌ى موته‌حیدى كورد‌و و به‌ره‌ى ریفۆرمخوازیى كورد سازبووه، له‌نیَو خۆجه‌رایانانى ئیسلامى هه‌روه‌ك ئیَره (باشوورى كوردستان) له‌ویَش به‌هیَزن، ئیَمه ده‌بیَت خۆمان له‌وانه غافڵ نه‌كه‌ین.
واقیعیه‌تیَك هه‌یه له‌رۆژهه‌لاَتى كوردستاندا دوو جه‌ره‌یانى به‌هیَزى ئیسلامى كارده‌كه‌ن، ئیَستا قبوڵمان بیَت یان نا، ئه‌وانه له‌ده‌ره‌وه هیَزیان هه‌بیَت یان نه‌یانبیَت، له‌ناوخۆ خاوه‌نى هیَزى گه‌وره‌ن و جه‌ماوه‌ریَكى زۆریان هه‌یه و به‌جیدیى كارده‌كه‌ن و توانیویانه جیَگه‌و رِیَگه‌ى خۆیان بكه‌نه‌وه و زۆریَك له‌خویَندكاران و رۆشنبیران و جه‌ماوه‌رى خه‌ڵك به‌گشتى به‌لاى خۆیاندا رِابكیَشن.
ئه‌گه‌ر بیَتوو ئه‌م حیزبانه‌ى ئیَستا ئه‌ڵته‌رناتیڤ نه‌بن و وه‌لاَمده‌ره‌وه‌ى خه‌ڵك نه‌بن، ئه‌وه ساحه‌كه ده‌كه‌ویَته ده‌ستى غه‌یرى ئۆپۆزیسیۆنیَك كه ساڵه‌هاى ساڵه خویَن ده‌دات و خه‌بات ده‌كات و دووچارى ده‌یان كیَشه و نارِه‌حه‌تى بووه له‌میَژووى ده‌ستپیَكردنییه‌وه تا رۆژى ئه‌ورِۆ.
بۆیه داوا ده‌كه‌ین له هه‌موو حیزبه سیاسییه‌كانى رۆژهه‌لاَتى كوردستان بۆ دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى سیاسى دیموكراتیك و هه‌وڵبده‌ن كه نه‌هیَڵریَت ساحه‌ى رۆژهه‌لاَتى كوردستان له‌بیروباوه‌رِیَكى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه وه‌رچه‌رخیَت بۆ بیروباوه‌رِیَكى تر كه ئاینده‌ى كورد ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه له‌و پارچه‌یه‌ى كوردستاندا.